-->

بابەتەکان

مژدەیەک بۆ نەخۆشەکانى شەکرە ئەنسۆلینێکى بێ زیان لە کاهوەوە

 

مژدەیەک بۆ نەخۆشەکانى شەکرە ئەنسۆلینێکى بێ زیان لە کاهوەوە


ڕۆژنامەی (نیو ئەتڵەس) بە پشتبەستن بە گۆڤاری (بایۆماتریاڵز) بڵاویکردەوە، توێژەران لە ئەمریکا بە سەرکەوتوویی خانەکانی ڕووەک و تەکنەلۆژیای سێلولۆزیان بەکارهێناوە بۆ دروستکردنی ئەنسۆلینی سەرچاوە ڕووەکی کە دەتوانرێت بە شێوەی زارەکی وەربگیرێت و بگەیەنرێتە جگەر.


 

ئەنسۆلینی سەوزە

توێژەران بە سەرۆکایەتی(هێنری دانیال) لە قوتابخانەی پزیشکی ددانی زانکۆی پێنسیلڤانیا، ئەنسۆلینێکی ڕووەکیی ئومێدبەخشیان دروستکردووە کە ئەو سێ پێپتیدەی تێدایە کە بە شێوەیەکی سروشتی لە ئەنسۆلیندا هەیە، کە دەتوانرێت بە شێوەی زارەکی بخورێت.

دیواری خانەکانی ڕووەک بە هەمان شێوەی ماددە بۆماوەییەکانی ناوەوە گرنگن، و کلیلی کاریگەری دەرمانەکانن. بەهێزی ماددە بۆماوەییەکانى ئەنسۆلین لە ترش و ئەنزیمەکانی کۆئەندامی هەرسکردنی گەدە دەپارێزێت، تا ئەو کاتەی دەرمانەکە دەگاتە میکرۆبەکانی ناو ڕیخۆڵە، کە دواتر ئەنسۆلین دەردەکەن، کە دواتر بە میحوەرەکەی ڕیخۆڵە و جگەردا دەڕوات تا دەگاتە شوێنی مەبەست.

 


تاقیکردنەوەیەک لەسەر مشکی تاقیگەیی

لە تاقیکردنەوەیەکدا لەسەر مشکی تاقیگە، ئەنسۆلینی ڕووەکی توانی لە ماوەی ١٥ خولەکدا شەکری خوێن ڕێکبخات، بە بەراورد بەو ئەنسۆلینەی کە بە شێوەیەکی سروشتی جەستە دەریدەدات. ئەو مشکانەی کە بە دەرزی ئەنسۆلینی ئاسایی چارەسەر کراون، تووشی دابەزینی ئاستی گلوکۆز لە خوێنیاندا بوون، کە بووە هۆی دابەزینی شەکری خوێن.

 


نابێتە هۆی کۆما

دکتۆر دانیال دەڵێت یەکێک لە کەموکوڕییە گەورەکانی سیستەمی ئێستا مەترسی دابەزینی شەکری خوێنە و دەتوانێت ببێتە هۆی کۆما(بێهۆشبوونى درێژخایەن)، لە کاتێکدا ئەو ئەنسۆلینەى کەلە ڕووەکیەو کە بە شێوەی زارەکی دەخورێت، هەر سێ پرۆتینە کاریگەرەکەى تێدایە و ڕاستەوخۆ دەگەیەنرێتە جگەر، بە یەکسانی کاردەکات.هەروەک چۆن ئەنسۆلینی ئاسایی کاردەکات، نابێتە هۆى مەترسی تووشبوون بە دابەزینی شەکری خوێن.

 


تێچووی کەمتر و کوالێتی بەرزتر

دەرمانەکانی ئێستا وەک دەرزی قەڵەمی ئەنسۆلین مەترسی ئەوەیان لەسەرە کە ببنە هۆی دابەزینی شەکری خوێن، هەروەها ڕێگەى دووەم کە گەیاندنی وردی دەرمان کە لەلایەن پەمپێکی ئەنسۆلینەوە دابین دەکرێت پێویستی بە ئامێری گرانبەها هەیە و تەمەنی دیاریکراوە سێ بۆ چوار ساڵ ئیشدەکات.

 


کاهوو بەستوو و وشک دەکرێتەوە

توێژینەوەى ئێستا دەریانخستووە، هەرچەندە بەشێک لە جینۆمی ڕووەکەکە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، بەڵام هیچ کاریگەرییەکی زیانبەخش نە لە ڕووەکەکە و نە لە ئاژەڵەکانی ناو تاقیکردنەوەکەدا نەبینراوە. بە سەلمێنراوی سەلامەتی جینەکان، دەتوانرێت کاهووەکە بخرێتە دۆخى بەستووى دواتر وشک بکرێتەوە و ئامادە بکرێت بۆ درووستکردنى دەرمان.

 


تاقیکردنەوەکان لەسەر سەگەکان

لە کاتێکدا ئەنجامەکانی توێژینەوەی مشکی تاقیگەیی زۆر ئومێدبەخشن، بەڵام هێشتا ماوەیەک ماوە تا ئەم شێوازە بتوانێت سوود بە چەندین ملیۆن نەخۆشی شەکرە بگەیەنێت. بەڵام توێژەران دڵنیان لەوەی بچنە تاقیکردنەوەیەکی گەورەتر، سەرەتا لەگەڵ سەگی تووشبوو بە شەکرە، پاشان مرۆڤ.

 


گۆڕینی ڕێژیمی چارەسەرکردن

دکتۆر دانیال وتی: "سیستەمی گەیاندنی [ئەنسۆلینی ڕووەکی زارەکی] بڕیارە هەموو پارادایمەکە بگۆڕێت، نەک تەنها ئەنسۆلین"، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەو لە وڵاتێکی تازەپێگەیشتودا گەورە بووە و بەچاوى خۆى بینیویەتی خەڵک  چۆن دەمرن چونکە توانای کڕینی دەرمان و ڤاکسینیان نییە . بۆیە توانای کڕین و دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی بە شێوەیەکی گشتگیر بنەمای کارەکەیەتی، بە تایبەت کە ڕێبازە نوێیەکە دەبێتە هۆی دابینکردنی ئەنسۆلین بە نرخێکى زۆر هەرزان و لە هەمان کاتدا بە کوالیتیەکى بەرچاو باشتر. بە واتایەکی تر نەخۆشەکان دەتوانن بە تێچووی کەمتر دەرمانێکی نایاب بەدەست بهێنن”.

 

ليست هناك تعليقات