هەمەچەشنکردنی وەرزش؛ کلیلە پەنھانەکەی تەمەنێکی درێژ و تەندروست
هەمەچەشنکردنی وەرزش؛ کلیلە پەنھانەکەی تەمەنێکی درێژ و تەندروست
کاتێک باس لە وەرزشکردن دەکرێت، دروشمی "هەموو هێلکەکانت مەخەرە یەک سەبەتەوە" باشترین ڕێنماییە. توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی هارڤارد دەریخستووە کە گۆڕینی جۆری چالاکییە جەستەییەکان لە هەفتەیەکدا، تەنها بۆ تێپەڕاندنی کات نییە، بەڵکو کلیلی سەرەکییە بۆ بەدەستهێنانی تەمەنێکی درێژتر و جەستەیەکی بەهێزتر.
نهێنیی ٣٠ ساڵ توێژینەوە چییە؟
دوای بەدواداچوون بۆ ژیانی وەرزشی ١١٠ هەزار کەس بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ، توێژەران گەیشتنە ئەنجامێکی سەرسوڕهێنەر: ئەو کەسانەی لە هەفتەیەکدا چەند جۆرە وەرزشێکی جیاواز ئەنجام دەدەن، ئەگەری مردنی پێشوەختەیان ١٩٪ کەمترە بە بەراورد بەو کەسانەی تەنها یەک جۆر وەرزش (وەک تەنها ڕۆیشتن یان تەنها ڕاکردن) دەکەن.
بۆچی تەنها یەک وەرزش بەس نییە؟
هەر وەرزشێک سوودێکی تایبەتی هەیە؛ ڕاکردن بۆ دڵ باشە، بەڵام بۆ ئەوەی لە ڕاکردندا سەرکەوتوو بیت، پێویستت بە بەرزکردنەوەی قورسایی هەیە بۆ بەهێزکردنی ماسولکەکانت. مادی ئێلبۆن، خانمێکی وەرزشەوانە و دەڵێت: "جۆراوجۆری تەنها بۆ جەستە نییە، بەڵکو باری دەروونیشت دەگۆڕێت. کاتێک وزەم کەمە، یۆگا دەکەم بۆ ئیسراحەت، ئەمەش هاوسەنگییەکی تەواوم پێ دەبەخشێت."
ڕێنماییە جیهانییەکان بۆ ژیانێکی تەندروست (NHS):
بۆ ئەوەی زۆرترین سوود لە وەرزش وەربگریت، پێویستە ئەم هاوسەنگییە ڕەچاو بکەیت:
بەهێزکردنی ماسولکەکان: لانیکەم هەفتەی دوو جار (وەک قورسایی یان یۆگا).
چالاکی مامناوەند: ١٥٠ خولەک لە هەفتەیەکدا (وەک ڕۆیشتنی خێرا یان پاسکیلسواری).
یان چالاکی چڕ: ٧٥ خولەک لە هەفتەیەکدا (وەک ڕاکردن یان مەلەکردن).
دوورکەوتنەوە لە دانیشتنی زۆر: جوڵە بخەرە ناو هەموو ساتەکانی ڕۆژتەوە.
سوودە درێژخایەنەکان
ئەوانەی تێکەڵەیەک لە وەرزشی ئایرۆبیک و بەرگری (قورسایی) ئەنجام دەدەن، مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ، سییەکان و شێرپەنجە بە ڕێژەی ١٣٪ بۆ ٤١٪ کەمدەبێتەوە.

تعليقات
إرسال تعليق