-->

بابەتەکان

لە کاتی بەڕۆژووبووندا چی بەسەر جەستەی ئافرەتدا دێت.. لێرەدا بە وردی وەڵامەکەی وەردەگریتەوە

 لە کاتی بەڕۆژووبووندا چی بەسەر جەستەی ئافرەتدا دێت... 
لێرەدا بە وردی وەڵامەکەی وەردەگریتەوە

کەس ناکۆک نیە، لەسەر ئەوەی کە ڕۆژوو جێگەی گرنگی هەیە لە ژیانی هەموو ژن و پیاوێکی موسڵماندا. تەنانەت غەیرە موسڵمانانیش بەڕۆژوو دەبن، ئەمڕۆ لەچاو پێشتر دڵنیاترن کە ڕۆژوو سودێکی زۆری تەندروستی و دەروونی هەیە، ئەم واجبە ئیسلامییە چارەسەری زۆر و دەستکەوتی ئەرێنی دەڕەخسێنێت ئەگەر بە دروستی پەیڕەو بکرێت.

 

ژن، وەک بوونەوەرێکی ناسک و هەستیار، بەڵام لە هەمان کاتدا بەهێزە، سوودێکی زۆر لە ڕۆژووگرتن لە ڕەمەزاندا وەردەگرێت. ئەو ڕاستییەی کە ڕۆژووگرتن لە مانگی پیرۆزدا چەندین سوودی جەستەیی و دەروونی هەیە. لە لایەکی ترەوە ڕەنگە ژیانی ژنان بکەوێتە مەترسی و ئاڵۆزییەکانەوە بەهۆی ڕۆژووگرتن بە گشتی، یان "ڕۆژووبوونی ناپارێزراو" وەک ئەوەی پێی دەوترێت.

 

بۆیە چاوپێکەوتنێکدا کە گۆڤارى هییە لەگەڵ دکتۆر مۆنا ئەزمی پسپۆری پزیشکی منداڵبوون و ئافرەتان لە نەخۆشخانەی NMC Royal Sharjah ئەنجامیدا سەبارەت بە کاریگەری ڕۆژووگرتن لەسەر تەندروستی ئافرەتان لەڕووی لایەنە باش و خراپەکانییەوە، هەروەها ڕێگا دروستەکان بۆ پاراستنی تەندروستی لەکاتی ڕۆژووگرتن لە مانگی ڕەمەزاندا چین.

 

دکتۆر مۆنا ئەزمی لە نەخۆشخانەی شاهانەی NMC شارقە

کاریگەری ڕۆژوو لەسەر تەندروستی ئافرەتان

لە سەرەتاوە وەک هەمیشە، پێشنیاری ڕاوێژکردن بە پزیشکی پسپۆڕ پێش دەستپێکردنی بەڕۆژووبوون پێویستە بۆ ئەوەی بزانیت، ئایا تۆ خوێنەری خۆشەویست توانای بەڕۆژووبوونت هەیە بە شێوەیەکی تەندروست و سەلامەت، بەتایبەتی ئەگەر تووشی کێشەی تەندروستی بنەڕەتی یان درێژخایەن بوویت ئەو نەخۆشیانەی کە ڕەنگە بە ڕۆژووبوون توندتر ببنەوە.

دکتۆر ئەزمی بە گەڕانەوە بۆ کاریگەرییە ئەرێنییەکانی ڕۆژووگرتن لەسەر تەندروستی ئافرەتان، دەڵێ بەڕۆژووبوونی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز کاریگەری گەورەی لەسەر تەندروستی جەستەیی و دەروونی هەیە.

 


لە سوودە تەندروستییەکانی ڕۆژووگرتن لەسەر تەندروستی ئافرەتان بریتین لە:

  • کەمکردنەوەی چەوری و کۆلیسترۆڵ کە ئەو دوو توخمەن کە بە پلەی یەکەم پەیوەندییان بە کێشە و نەخۆشییەکانی دڵەوە هەیە.
  • کەمکردنەوەی کێش یان پاراستنی کێشێکی تەندروست و ئایدیاڵ.
  • پێوەرەکانی بارستەی جەستە (BMI) کە ئامرازێکە بۆ هەڵسەنگاندنی کێش بە بەراورد بە باڵا و ئایا کێشی کەسێک لەگەڵ باڵای خۆیدا گونجاوە یان نا. پێوەرەکانی بارستەی جەستە دیاری دەکات کە ئایا کێشەکە ئاساییە بۆ باڵاى، ئایا کێشی کەمە کێش یان زیادە، یان ئەگەر نەخۆشەکە قەڵەو بێت. BMI بەپێی تەمەن بەم شێوەیە حیسابی بۆ دەکرێت:     باڵا بە مەتر x بەرزی بە مەتر / کێشی جەستە بە کیلۆگرام.
  • کەمکردنەوەی پەستانی خوێنی سیستۆلیک و دیاستۆلیک، و پەستانی خوێنی سیستۆلیک گوزارشت لە خوێندنەوەی پەستانی خوێن دەکات کە تۆمار دەکرێت کاتێک ماسولکەکانی دڵ گرژ دەبن بۆ پەمپکردنی خوێن بۆ ناو خوێنبەرە گەورەکانی ناو سیستەمی سوڕی خوێن، بۆ ئەوەی دواتر دابەش بکرێت بەسەر باقی جەستە و شانەکانیدا ، و لەم حاڵەتەدا پەستانی خوێن بەرزە.          سەبارەت بە پەستانی خوێنی دیاستۆلیک، ئەو خوێندنەوەی پەستانی خوێن دەرئەبڕێت کە تۆمار دەکرێت کاتێک ماسولکەکانی دڵ ئارام دەبنەوە بۆ پڕکردنەوەی ژوورەکانی، وەک ئامادەکارییەک بۆ پەمپکردنی بۆ ناو خوێنبەرەکان. جێگای سەرنجە کە پەستانی خوێنی دیاستۆلیک بە بەراورد بە پەستانی خوێنی سیستۆلیک کەمترە.
  • کەمکردنەوەی شەکری خوێن، کە لەوانەیە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاسایی نەخۆشی شەکرە.
  • زیادکردنی ژمارەی خڕۆکە سور و سپییەکانی خوێن لە خوێندا، هەروەها خڕۆکە سوورەکانی خوێن لە گرنگترین خڕۆکەکانی جەستەن، بەو پێیەی چەندین ئەرک ئەنجام دەدەن. ئەرکی سەرەکی بریتییە لە گواستنەوەی ئۆکسجین هەواوە کە لەڕێگەى سیستەمى کۆئەندامى هەناسە وەردەگیرێت لە ڕێگەی سیستەمی سووڕی خوێنەوە بۆ هەموو خانەکانی لەش. هەروەها خڕۆکە سوورەکانی خوێن ماددە خۆراکییەکان و پێکهاتە گرنگەکان بۆ خانە جیاوازەکانی لەش دابین دەکەن و پاشماوەکانیان دەگوازنەوە بۆ جگەر. هەروەها یەکێک لە ئەرکەکانی کۆنترۆڵکردنی ئاستی ترشی خوێنە، یان ئەوەی پێی دەوترێت pH.
  •  سەبارەت بە خڕۆکە سپیەکانی خوێن، یەکێکن لە جۆرەکانی خڕۆکەی خوێن لە جەستەدا، ئەرکی سەرەکیشیان بەرگریکردنە لە لەش و بەرەنگاربوونەوەی هەوکردن و نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان. بە ڕێژەیەکی ئاسایی جەستە ڕۆژانە نزیکەی ١٠٠ ملیاریان بەرهەم دەهێنێت.
  • زیادبوونی ژمارەی پلاکتەکان(خەپلەکان) یان ژمارەی پلاکتەکان وەک ناسراوە؛ یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی خوێن. ئەم پلاکتانە ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە پرۆسەی مەینبوونی خوێن، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ چارەسەرکردنی زۆرێک لە کێشە تەندروستییەکان، وەک وەستانی خوێنبەربوون یان چاکبوونەوەی برینەکان.
  • کەمکردنەوەی ڕووبەرى کەمەر کە زۆرجار پەیوەندی بە زیادبوونی مەترسی قەڵەوی و شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانەوە هەیە.
  • کەمکردنەوەی ئاستی فشاری دەروونی، کە پزیشکان و پسپۆڕانی تەندروستی هۆشداری دەدەن، چونکە فشاری زۆر و توند دەبێتە هۆی کێشەی تەندروستی جددی وەک جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک.
  • کەمکردنەوەی هۆکارەکانی هەوکردن و هاندەرەکانی شێرپەنجە، ئەوەش زانراوە کە هەوکردن کاردانەوەیەکی پاراستنی سروشتی جەستەیە بەرامبەر بە زیندەوەرە تووشبووەکان، وەک بەکتریا یان ڤایرۆس. بەڵام چارەسەرنەکردنی هەوکردن لە کاتی خۆیدا دەبێتە هۆی ئاڵۆزی تەندروستی جددی. سەبارەت بە هۆکارەکانی شێرپەنجە، ئەوان هۆکاری نا بۆماوەین کە دەتوانن مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجەی جۆراوجۆر زیاد بکەن. وەک شێوازی ژیانێکی ناتەندروست، هەوکردنی زۆر لە جەستەدا، قەڵەوی و کێشی زیادە، جگەرەکێشان و نێرگەلە و خواردنەوەی کحول.
  • کەمکردنەوەی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ، هۆکارەکانی پەیوەست بە تەندروستی دەروونی کە دەتوانن کاریگەری نەرێنی لەسەر بیرکردنەوە و باشی دەروونی کەسەکە هەبێت؛ هەروەها لەوانەیە ڕۆڵی هەبێت لە زیادکردنی مەترسی تووشبوون بە هەندێک نەخۆشی.

 

ئەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی ڕۆژوو

بەو پێیەی هەموو شتێک دوو لایەنی هەیە، ئەرێنی و نەرێنی؛ بەڕۆژووبوون کۆمەڵێک کاریگەری نەرێنی هەیە کە خانمان دەتوانن کاریگەرییان لەسەر بێت، وەک دکتۆر ئەزمی بۆی ڕاگەیاندین:

 

خواردنەوەی ئاو لە کاتی ژەمی پێش بەیانیدا، تەندروستی خانمان لە کاتی بەڕۆژووبووندا باشدەکات.

  1. چالاککردنی ڕوودانی نۆبەى نەخۆشییە درێژخایەنەکان.
  2. کاریگەری نەرێنی لەسەر گەشەی کۆرپەلە لەکاتی دووگیانیدا.
  3. زیادکردنی ئەگەری لەدایکبوونی پێشوەختە بۆ ژنانی دووگیان.
  4. زیادبوونی هەستکردن بە سەرگێژخواردن و سکچوون.
  5. زیادبوونی ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەوکردنی میز.
  6. سەرئێشەی توند، هەستکردن بە لاوازی و سەرلێشێواوی دەروونی.

  

ڕێگاکانی باشترکردنی تەندروستی خانمان لە کاتی ڕۆژووگرتن لە مانگی ڕەمەزاندا



خەمت نەبێت ئازیز، هەموو کێشەیەک چارەسەری هەیە. دەتوانیت خۆت لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ڕۆژووگرتن لەسەر تەندروستی خۆت بەدوور بگرێت یان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکەیتەوە، بە جێبەجێکردنی ئەم ئامۆژگارییانەی خوارەوە کە لەلایەن دکتۆر ئەزمی پێشکەش کراوە:

 

  • خواردنی خۆراکی تەندروست و دوورکەوتنەوە لە خواردنە زیانبەخشەکان، ئەمانە دوورتدەخاتەوە لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی بەڕۆژووبوون.
  • خواردنی خۆراکی تەندروست و دوورکەوتنەوە لە خواردنە زیانبەخشەکان دوور دەکەوێتەوە لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی بەڕۆژووبوون
  • نانی بەیانی تەندروست بخۆ، سەرەتا دەست بکە بە خواردنەوەی ئاو، پاشان سێ دەنک خورما بخۆ بۆ ئەوەی ئەو وزە خێرایە دابین بکات کە لەش لە ڕۆژدا لەدەستی دەدات.
  • زیاتر سەوزەی گەڵادار(پان) بخۆ و ماسی و گۆشتی کەم چەوری و دانەوێڵەی تەواو هەڵبژێرە بۆ باشترکردنی هەرسکردن.
  • خواردنی خۆراکی چەور و سورکراوە و خوێ سنووردار بکە، یان دووربکەوەرەوە لێى.
  • سەبارەت بە ژەمی پێش بەیانی گرنگترینە بۆ ئافرەتی بەڕۆژوو. بۆیە پێویستە هاوسەنگ بێت و دەوڵەمەند بێت بە شۆفان و کینۆا[1] و پەنیر و میوەی تازە، بۆ ئەوەی هێواش هێواش وزە بە جەستە دابین بکات لە ڕۆژدا. هەروەها پزیشک ئامۆژگاریت دەکات کە خواردنەوەی چا و قاوە سنووردار بکەیت، هەروەها لەکاتی سوهووردا ئاو و شیر و ماست و شەربەتێکی فرێش زیاتر بخۆیتەوە، بۆ ئەوەی ڕێژەی شلەمەنی لە لەش لە ماوەی ڕۆژووبووندا بپارێزیت.

 

لە کۆتاییدا، با ترس و دەنگۆی کاردانەوەکانی ڕۆژوو، بێهیوات نەکات لە تەواوکردنی ئەم واجبە لە مانگی ڕەمەزاندا. ڕێنماییەکانی پزیشکەکەت جێبەجێ بکە و پابەندبە بە ڕێژیمێکی تەندروست و جەستەیی بە درێژایی ماوەی ڕۆژووگرتن، بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر تەندروستیت زیاتربخوێنەرەوە .



[1] ـ جۆرێکە لە دانەوێڵەکان، زیاتر لە ئەمریکا دەڕوێت، لە بازارەکاندا دەستدەکەوێت، هەموو ترشە ئەمینێکانى تێدایە جگە لەوەى ڕێژەیەکى زۆر بەرزى پروتین، ئەمە جگە لە ڤیتامین کانزاکان، ڕێژەیەکى زۆر کەم چەورتێدایە زۆربەسوودە بۆ جەستە.

ليست هناك تعليقات